Skip to the content

بەرپرسی فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزى پۆڵه‌ندا لە عێراق کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ى تشرينى دووه‌مى ٢٠٢٤، سه‌فين موحسين دزه‌يى، پێشوازى له‌ مارسین کوبیاک، باڵیۆزى پۆله‌ندا لە عێراق و جێگری کونسولی گشتيی پۆله‌ندا لە هەرێم كرد.
باڵیۆزى پۆله‌ندا پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانی کوردستان و گوتی: وڵاتەکەی بەبایەخەوە سەیری ڕۆڵی هەرێم لە عێراق و ناوچەکە دەکات و خوازیارین پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق لە سەرجەم بوارەکان بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.
دزەیی سوپاسى هەوڵ و ماندووبوونەکانى باڵیۆزى پۆله‌نداى کرد، کە لە ماوەی کارکردنی، بە هاوکاری لەگەڵ کونسولگەريی وڵاتەکەی لە هەرێم جەختی لەسه‌ر پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵیيەکان لەگەڵ هەرێم دەکردەوە، و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.