Skip to the content

بەرپرسی فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان - ئەڵمانیا كرد

ڕۆژى پێنجشەممە ١٤ى تشرينى دووه‌مى ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە د. هێمن عومەر، سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتيی كوردستان - ئەڵمانیا و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمەڵەكە كرد.
لە کۆبوونەوەکە باس لە هەماهەنگی و شێوازی کاری کۆمەڵە دۆستایەتییەکان کرا، لەپێناو نزيكردنه‌وه‌ى گەلان له‌ يه‌كتر، لە ڕێگەی چالاکییە هونەری، ڕۆشنبیری و کولتووریيەکان. هه‌روه‌ها شاندی میوان پوختەیەکیان لەسەر کار و چالاکییەکان و بەرنامەی داهاتووی کۆمەڵەكه‌ پێشکەش کرد.
بەرپرسی فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانی دەرەوە، وێڕای دەستخۆشی، باسی لە گرنگيی بوونی ڕێكخراو و كۆمەڵە دۆستایەتیيەکان کرد، لەپێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگه‌ لەو بوارانەی پێویستە کاریان لەسەر بکرێت، هەروا گوتی: بوونی ئه‌و ڕێكخراو كۆمه‌ڵه‌ دۆستايه‌تييه‌انه‌ ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی.
شايانى باسه‌ كۆمەڵەی دۆستایەتيى كوردستان - ئەڵمانیا ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و ئامانجی ئەوەیە پەیوەندییە كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا بەهێز بكات.