Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسولی گشتیی ئیمارات کرد

بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى، ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهرى، كونسولى گشتيى ئيمارات لە هەرێمی کوردستان، سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لێ کرا.

دزەیی سوپاسى کونسولى گشتیى ئیماراتى کرد، کە لە ماوەى شەش ساڵى ڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوى هەبووە لە پێشخستنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا، لەسەر ئاستى سەردانى بەرپرسانى باڵا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کەرتەکانى ئابوورى و بازرگانى و کشتوکاڵ. هاوکات هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى داهاتووى بۆ خواست.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتى: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانى کەنداو لە ئاستێکى باش دان. چەندین یاداشتى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژۆ کراون. وەک حکومەتى هەرێم کار بۆ زیاتر پێشخستنى پەیوەندییەکان دەکەین لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
سەفین دزەیی سوپاسى گەل و حکومەتى ئیماراتى کرد کە لە قۆناغى هاتنى بەلێشاوى ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمى کوردستان و سەردەمى پەتاى کۆڕۆنا، هاوکاریى هەرێمى کوردستانیان کرد.

دواتر كونسولى گشتيى ئيمارات، سوپاسى بەرپرسى فەرمانگە و تەواوى ستافى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد، کە هەمیشە ئاسانکارییان کردووە و هاوکار بوونە، بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى کونسولگەریى گشتیى ئیمارات لە هەرێم. هەروەها ستایشى پەیوەندىی دۆستانەى هەردوو گەل و حکومەتى کرد و هیواى خواست پەیوەندییەکان بگەنە ئاستى پێشکەوتووتر، لەپێناو سوود و بەرژەوەندیى هەردوولا.