كۆڕبەندی ئابووریی ئیسپانیا و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، شاندێکی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، بە سەرۆكایەتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و بە یاوەری كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەت و دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا و پورتوگال، لەگەڵ میریام فۆرتێس كوینتانیلا، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەرێمی مورسیا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لهبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی مورسیا، لە بواری پەیوەندیی ژوورە بازرگانییەكان و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و ئاودێری كرا.
لە بەشێكی ديكهى دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لە ئەنجامدانی كۆنفراسێكی هاوبەش بە ناوی (كۆڕبەندی ئابووریی ئیسپانیا – كوردستان) كردهوه، بۆ هەمان مەبەستيش، بڕیارە وەفدێكی ژووری بازرگانی و وەبەرهێنانی مورسیا سەردانی هەرێم بكەن، بە ئامانجی ئامادەكاری و ڕێكارەكانی دەستپێكردنی كۆڕبەندەكە.