Skip to the content

کۆڕبەندی مێری 2024 لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی سەرکردە سیاسیيەکان، بەرپرسانی باڵا، دیپلۆماتکار، ئەکادیمی و ژمارەیەکی زۆری میوانان، کۆڕبەندی پەیمانگه‌ی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MERI) بە گرنگیدان بە "بەرەو حوکمڕانی باش و خۆشگوزەرانی" دەستیپێکرد.
پانێڵی کردنەوەی کۆڕبەندەکە بە ناونیشانی "عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان: یەکگرتنی ئەولەویەتەکان و بەهێزکردنی هاوبەشییەکان"، کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆکردەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژییە هاوبەشەکان بۆ گەشەپێدانی عێراق. به‌شداربووان بریتی بوون لە جانێت ئەلبێرتای، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق، تۆماس سیلەر، سەرۆکی شاندی یەکێتيی ئەورووپا لە عێراق و ڕۆژنامەنووس زەینەب ڕەبیع.
پانێڵستەکان جەختیان لە گرنگيی بەرزکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان كرده‌وه‌، لەوانە بەهێزکردنی ئابووريی عێراق و چوارچێوەی حوکمڕانی و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان.
باڵیۆزى هۆڵه‌ندا له‌ عێراق تیشکی خستە سەر پابەندبوونی هۆڵەندا بۆ پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییەکانی کشتوکاڵ و پەروەردە، هاوکات باڵیۆزی نەمسا جەختی لەسەر خۆبەخشی نەمسا بۆ بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیريی ئابووری لە عێراقدا کردەوە.
سه‌رۆكى شاندی یەکێتيی ئەورووپاش تێڕوانینەکانی سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی یەکێتيی ئەورووپا، بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیيەکانی عێراق و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ خسته‌ڕوو.
له‌ پانێڵی دووەمی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كه‌ بریتی بوو لە "پەرەپێدانی پەیوەندییە گشتگیرەکانی ئەمه‌ریکا و عێراق"، باڵیۆزی ئەمەریکا باسی لە هەوڵە بەردەوامەکان کرد بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات. باڵیۆزى ئه‌مه‌ريكا جەختی لە گرنگی ئەم هاوپەیمانیيانە لە پەرەپێدانی سەقامگیری و پشتیوانیکردنی دامەزراوە دیموکراسیيەکان و پێشخستنی گەشەی ئابووری کردەوە.
بەشداربووان چەندین بابەتی سەرەکییان تاووتوێ کرد، لەوانە بەرزکردنەوەی هاوکاری لە کەرتەکانی وزە و تەکنەلۆژیا، ستراتیژەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستپێشخەرییەکانی ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و کولتووری. کۆڕبەندەکە جەختی لەسەر سوودە هاوبەشەکانی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و عێراق کردەوە، لە کاتێکدا عێراق بەردەوامە لە گەشتەکەی بەرەو بووژانەوەی ئابووری و گەشەسەندنی بەردەوام. هەروەها تیشک خرایە سەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکاو هاوپەیمانان لە عێراق و ئەگەری دروستبوونی بۆشایيی ئەمنی لە ناوچەکە.
بڕیارە کۆڕبەندی مێری ٢٠٢٤ بەردەوام بێت بە پانێڵی زیاتر کە تیشک دەخاتە سەر هاوکاريی ناوچەیی، هەمەچەشنکردنی ئابووری و ڕێگه‌کانی چاکسازی لە حوکمڕانیدا، چەندين بابه‌تى ديكه‌ى گرنگ.