بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ جێگری سەرۆکی شارەوانیی پاریس کۆبووەوە
لە سێیەمین ڕۆژی سەردانەکەیان بۆ فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا، لەگەڵ ئـارنـود نـیـگـاچـا، جێگری سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریس و بەرپرسی ئەورووپا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فرانکۆفۆنی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر، لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری. هەروەها بە گرنگییەوە باس لە ئەنجامدانی کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا - کوردستان کرا، کە دەکرێت دەرهاویشتەی ئەرێنیی زۆر باشی هەبێت.
هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوون و جێبەجێکردنی یـاداشـتـنـامـەی دەسـتـەخـوشـکـی ھـەولـێـر - پـاریـس کردەوە، که له نێوان هەردوو پایتەخت له ١٥ی تەمموزی ٢٠١٩ واژۆ کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بە گشتی کرا.
دزەیی تیشکی خستە سەر ئامانج و ئاکامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و ژووری بازرگانیی هەولێر و سلێمانی بۆ فەرەنسا، بە مەبەستی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر گەشەپێدانی ئەو یاداشتەی لە نێوان هەولێر و پاریس هەیە، بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پاریس بۆ زیاتر پێشخستن و گەشەپێدانی هەولێر. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ستایشی پەیوەندیی پتەو و دێرینی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسای کرد و خواستی حکومەتی هەرێمی خستە ڕوو، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان.
لە کۆتاییشدا ستایشی بەڕێوەچوونی ئۆلۆمپیادی پاریس کرا، کە بە شێوەیەکی ناوازە بەڕێوە چوو و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئۆلۆمپیادەکە کرا.