Skip to the content

به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ به‌شداريى کۆڕبەندی ئابووريی فەرەنسا - کوردستانى كرد

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە بەشداريی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، د. عەلى دۆڵەمەرى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە فەڕەنسا، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەشێك لە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی بازرگانيی فەرەنسی MEDEF و کونسولی فەرەنسا لە هەرێم، کۆڕبەندێکی بازرگانی لە شاری پاریس بەڕێوە چوو.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە گوتارێکدا ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێم بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، گەشەسەندنی ئابووری و پرۆژە جیاجیاکان کرد، جەختی لە پەیوەنديی لەمێژینەی هەرێم و فەرەنسا کردەوە. هاوکات هیواى سەرکەوتنى بۆ ئەم کۆڕبەندە خواست.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازيی هەولێريش ڕایگەیاند: ئامانجی سازدانی ئەم کۆڕبەندە، پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووریيەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی: پتەوکردنی پەیوەنديی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی، ناساندنی کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان، دۆزینەوەی هەلی وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان هەردوولا، ڕەخساندنی هەلی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی فەڕەنسا، ئامانجی ئەو کۆڕبەندەیە.