یادى ڕۆژى نیشتمانيى كۆمارى چيك لە هەولێر کرايهوه
ڕۆژى چوارشهممه ٢٥ی ئهیلوولی ٢٠٢٤، له ڕێوڕهسمێكدا له شارى ههولێر، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە وەکالەت و کونسولی گشتيی کۆماری چیک و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسیيەکان و دیپلۆماتکار و میوانان، یادی ڕۆژى نیشتمانى کۆمارى چیک بهڕێوهچوو.
لە سەرەتاى ڕێوڕەسمەکەدا، کونسولى گشتيى چیک لە هەرێمى کوردستان گوتى: پەیوەندیيە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەهێزە. هانى کومپانیاکانمان داوە بێن لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. ههروهها هاوكار بووين لهگهڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى ئاسایش، سێکتەرى ئاو، تەندروستى و کشتوکاڵ.
کونسولى گشتيى چیک گوتى گرنگیمان بە دیپلوماسيیەتى کولتوورى داوه بۆ زیاتر نزیکبوونەوە و بەهێزکردنى پەیوەندیيەکانمان لەگەڵ خەڵکى هەرێمى کوردستان. هەروەها لە بوارى مرۆیی ڕۆڵمان هەبووە، بە تایبەت لە بەرزکردنەوەى ئاستى تواناکان لە بوارهكانى تەندروستى و پەروەردە. ڕەنگە بەهۆى کاریگەریيەکانى شەڕى ڕووسیا و ئۆکرانیا، وەک پێویست نەتوانین کارە مرۆییەکانمان ئەنجام بدەین، چونکە وڵاتى چیک ئەندامى ناتۆیە و بە توندى پشتگیرى لە ئۆکرانیا دەکات و هاووڵاتیيەکى زۆرى ئۆکرانى لە چیک دەژین.
دواتر ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە وەکالەت گوتارێکى پێشکەش کرد و بەناوی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی گەل و حکومەتی کۆمارى چیک کرد و گوتى: پەیوەنديى هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک لە دۆستایەتیدا ڕەگوڕیشەی داکوتاوە. هەرگیز لەبیرمان ناچێت کە کۆماری چیک لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵمان وەستاوە. وڵاتەکەتان بەردەوام ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانى لە چوارچێوەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگی زانیوە و هاوکاری لە ئامانجەکەمان دەکات بەرەو سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکە.
بە کردنەوەی کونسولگەريی گشتيی کۆمارى چیک لە هەولێر، لە مانگی ئاداری ٢٠١٥، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەهێزتر بوون و دەرگهی هاوکاريی زیاتری لە ئاڵوگۆڕی ئابووری، کولتووری و پەروەردەیی کردەوە.
ههروهها گوتى: کە ئەمڕۆ ڕۆژی نیشتمانیتان پیرۆز دەکەین، دەمەوێت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری چیک دووپات بکەمەوە. ئێمە بە ئهوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشیمان دەکەین، لە هەموو بوارەکاندا، کە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتن و دیدگای هاوبەشن. وێڕاى پیرۆزبایی، دەستخۆشى لە کونسولی گشتيی کۆمارى چیک و تەواوى ستاف و کارمەندانی کونسولگەرى دەکەم کە هەمیشە لە هەوڵى زیاتر پێشخستنى پەیوەندییە دوولایەنەکاندا بوونە.