Skip to the content

بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سێ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە مالیزیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سێ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، کە ببوونە قوربانیی ئەو باندانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هانایان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هێنا، کە لە وڵاتی مالیزیا فێڵیان لێ کراوە و گیریان خواردووە. بێ پارە و پاسپۆرت و شوێن ماون و لە دۆخێکی زۆر سەختدان.
ئەم سێ هاووڵاتییە لەلایەن باندێک هەڵخەڵەتێنرابوون گوایە لە ڕێگەی وڵاتی مالیزیاوە ڕەوانەی ئەوروپایان دەکەن. بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەڵگەنامەکان ساختەن و لە فڕۆکەخانە گیریان خواردبوو.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرایی بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەم سێ هاووڵاتییە کرد و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی مالیزیا، توانی سۆرخیان بکات و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکات. یەکێکیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و دوو هاووڵاتییەکەی دیکەش کارەکانیان تەواو بووە، لە دەرفەتێکی نزیکدا دێنەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیا دەکات کە هاوکار بووە بۆ بەهاناوەچوونی ئەو سێ هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان.