بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە گرووپى "دۆستایهتی لەگەڵ ههرێمی کوردستان" کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ى نيسانى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە گرووپى دۆستایهتی لەگەڵ ههرێمی کوردستان له پهرلهمانی بهریتانیا (APPG)، بە سەرۆکایەتيى پهرلهمانتار جۆن سلینگەر کرد.
لە کۆبوونەوەکە کە کاروان جەمال تاهیر، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا ئامادەى بوو، دزهيى پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و مێژووهكهى و ئەو قۆناغە سەخت و دژوارانەى بەسەر گەلى کوردستاندا هاتوون خستەڕوو. ناوبراو سوپاسى گرووپى دۆستایەتى لەگەڵ گەلى کوردستانى کرد لە پەرلەمانى بەریتانیا، کە هەمیشە پاڵپشتیيان لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان کردووە و لەکاتى پێویست هاوکار بوونە. هاوکات تیشکی خستە سەر گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیيانەى نێوان ئایین و نەتەوەکان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ململانێ. ههروهها ئاماژهى به هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پشتبەستن بە خود، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە، تەندروستی و ژێرخانی ئابووری دا.
دزەیی جەختی لەو مەترسی و ئاستەنگانە کردەوە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنهوه، بە تایبەتی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و مەترسيی ئاوارە و پەنابەران، بەهۆی ململانێ جیهانییەکان.
جۆن سلینگەر ، پابەندبوونی بەریتانیای دووپات کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاری و بنیادنانی هاوبەشی لە بوارەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، گەشتیاری و چاکسازی لە خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا. هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ئەو ڕۆڵە دەربڕی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاشتی و سەقامگیريی ناوچەکەدا دەیگێڕێت. بابەتی کچانی ئێزیدیش یەکێکی ديكه بوو لەو خاڵانەی کە باسیان لێوە کرا و هەماهەنگی خۆیان پێشان دا بەم بابەتە.
جێگەی باسە دوای تەواوبوونی سەردانهكهيان، گرووپەكه دیبەتێک لە پەرلەمانى بەریتانیا پێشکەش دەکەن لەسەر پەیوەنديى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا، لە بەردەم وەزیرى پەیوەنددار باس لە گرنگيى پێشخستنى پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکەن.