بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازی لە شاندێكى وڵاتى ئەڵمانیا کرد

ڕۆژى سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی کرد کە پێکهاتبوون لە کۆمەڵەی دۆستایەتيی ئەڵمانی کوردی و کۆمەڵەی هەماهەنگيی ئایینی لە ئەڵمانیا.
لە کۆبوونەوەکە بیروڕا لهبارهى چەند پرسێک ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی کولتووری نێوان هەردوولا کرایەوە.
شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە لە ماوەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان چەندین ناوچەی جیاجیا گەڕاون و چاویان بە چەندین کەسایەتی کەوتووە و لە نزیکەوە ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئایینيی کۆمەڵگهی کوردستانیان بینیوە. هیوایان خواست هەردوولا هاوکاربن بۆ یارمەتیدانی گەنجان و دۆزینەوەی دەرفەتی کار و بازرگانی بۆ گەنجان.
دزهيى وێڕای ئاماژهدان به سیاسەت و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری و پەیوەندییەکان. باسی لە پێکەوەژیانی ئاشتیيانەى سەرجەم ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: لە زۆر شوێن مزگەوت و کەنیسە بەرانبەر یەکترن و هەردوولاش ڕێز لە نهريته ئایینیەکانی یەکتر دەگرن.
جێگەی باسە هەردوو کۆمەڵەی دۆستایەتيی ئەڵمانی کوردی و کۆمەڵەی هەناهەنگی ئایینيی لە ئەڵمانیا لەسەر ئاستی باڵا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە هەرێمی کوردستانن بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە بارودۆخی هەرێم و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هاوکاری و هەماههنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.