Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق کۆبووەوە

ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتی ٨ى نيسانى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق، ئیڤان یوریچ، کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەباره‌ى پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کرواتیا کرد، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ. هەر بۆ ئەم مەبەستەش دزەیی پێشنیاری سازدانی کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان هەردوولادا کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، باسی دۆخی گشتيی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەوشی هەنووکەیی کرا بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا.
باڵيۆزى كرواتيا خۆشحاڵيی خۆی به‌ سەردانەکەی بۆ هەرێمی کورستان دەربڕی و ستایشی ئەو سەقامگیریيەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان هەیە. هه‌روه‌ها پاڵپشتيی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن.