Skip to the content

سەنتەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان - کۆماری هیند کرایەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەپاڵ پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزی هیند لە عێراق، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و پارێزگاری هەولێر و کونسولی گشتیی هیند لە هەرێم و ژمارەیەکی زۆری بازرگان و وەبەرهێنەران، سەنتەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان - هیند کرایەوە. 
سەرۆکی ئەنجومەنی پەرەپێدانی بازرگانیی کۆماری هیند گوتی: کردنەوەی ئەم سەنتەرە دەرفەتێکی باشە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوولا.
هەروەها سومەن باکچی، باڵیۆزی کۆماری هیند لە عێراق لە وتارێکدا گوتی؛ هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، جێگەی خۆشحاڵییە کە قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەردوولا لە هەڵکشاندایە. دەخوازین پەیوەندییە بازرگانیەکانمان بوارەکانی گەشتیاری، پزیشکی، خۆراک و کشتوکاڵ لەخۆ بگرێت.
دواتر سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە گوتەیەکدا بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی؛ پێشوازی لەو دەسپێشخەرییە دەکەین کە دەبێتە فاکتەرێک بۆ پێشخستنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولا. گوتیشی بۆ سەرخستنی کارەکانیان ئامادەی هەماهەنگی و ئاسانکارین.
ناوبراو گوتی؛ وەک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕۆلی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەرز دەنرخێنین کە لەپاڵ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکان، بایەخی زۆر بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.