شاندێکی پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا و یەکێتيی ئەوروپا سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ى نيسانى ٢٠٢٥، شاندێکی بەریتانی کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردان و پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتيی ئەوروپا و شارەوانيی لەندەن، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهوه پێشوازی کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان ئامادەى بوو، دزەیی تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، پێشهاتە ناوچەیی و ڕووبەڕووبوونەوە و دەرفەتەکانی خستەڕوو. ناوبراو تیشکی خستە سەر هەوڵە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمی خۆراک، هەروەها باسیشی لە بەشداریکردنی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێم کرد، لە کۆڕبەندی ئابووريی ئەنتالیا.
گفتوگۆکان کۆمەڵێک تەوەریان گرتەوە، لەوانە پرسی کۆچبەران، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا، پەیوەندییە ناوچەییەکان لەگەڵ عێراق و پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و شایستە داراییەکان و پرسی وزە.
سەفین دزەیی جەختی لە گرنگی دامەزراندنی پەیوەندییەکی پتەو و سەقامگیر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، تورکیا و سووریا کردەوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
شاندی پەرلەمانی بەریتانیا پابەندبوونی خۆیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە بۆ بەشداریکردنی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەرێم. هەروەها دەستیان خستە سەر گرنگی هاوکاريی سیاسی و ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن و دەیانکەنە قوربانيی ڕێگه پڕمەترسیيەکان. لەم ڕووەوە جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بەوە کرد کە: هەرێمی کوردستان گرنگیيەکی بەرچاو بەم بابەتە دەدات و دامەزراوە پەیوەنددارەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکە باس لەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کرا کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی ڕابردوو واژۆ کراوە بە ئامادەبوونی سەرۆكى حكومهتى ههرێم و نوێنەری بازرگانيی شا چارلس بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، کە وەزارەتهكانى ناوخۆ، کشتوکاڵ، تەندروستی و وەزارەتی بازرگانی هاوبەش و سوودمەندی سەرەکین لێى.
لە کۆتاییدا جەخت لەسەر پابەندبوونی بەردەوامی بەریتانیا کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و زیاتر بەرزکردنەوەی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە کەرتە سەرەکییەکان، لەوانە حوکمڕانی، ئابووری، ئاسایش و ئاڵوگۆڕی کولتووری.