Skip to the content

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە بڕیارى سەرۆکى شارەوانيى پاریس دەکات بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌

دواى نامەیەکى تایبەتى سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بۆ ئان هیدالگو، سەرۆکی شارەوانيی پاریس، کە تێیدا باسى لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە کردبوو دژى تیرۆریستانى داعش و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەوژیان. هاوکات بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە کولتوورییەکان و قووڵکردنەوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و پاریس وەک دوو شارى دەستەخوشک. داواى لە شارەوانيى پاریس کرد بیر لەناولێنانی شەقام، گۆڕەپان یان چوارڕیانێک بە ناوی پێشمەرگە لە پاریس بکەنەوە. ئەم ئاماژەیە نەک تەنها ڕێز لە یادەوەريی ئەوانە دەگرێت کە ئازایانە شەڕیان کردووە، بەڵکوو وەبیرهێنانەوەیە بۆ هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی ئاشتی.
هەر لە نامەکەیدا دزه‌يى ئاماژەى بە پشتگیريى بەردەوامى خاتوو دانیال میتران کرد لە ساڵانى هەشتا و نەوەد لە دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان. بۆیە وەک ڕێزلێنانێک لەم پشتگیریيە، چوارڕیانێک و بەرزەپردێک لە هەولێر بەناوى ئەم خاتوونە کراوە.
مایەى خۆشحاڵیيە لە ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵ، کە نوێنەرایەتيى حکومەتى هەرێم لە پاریس سازى کردبوو، خاتوو ئان هیدالگو پشتیوانيی خۆى و شارەوانيی پاریسى بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و بە فەرمی ڕایگەیاند کە: ئەنجومەنی شارەوانيی پاریس بە کۆى دەنگ شوێنێکى لەناو پارکی (ئاندرێ سیتروئێنى) لە پاریس بۆ پێشمەرگە تەرخان کردووە و لە ئایيندەیەکی نزیکدا مەراسێمێک بۆ کردنەوەکەی ساز دەکرێت و بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانیش بۆ مەراسیمەکە بانگهێشت دەکرێن.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکى گرنگ دەزانێت کە وڵاتێکى وەک فەرەنسا ڕێز لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە و گەلى کوردستان دەگرێت. لێرەوە فه‌رمانگه‌ سوپاس و پێزانینى هەیە بۆ خاتوو ئان هیدالگو سەرۆکی شارەوانيی پاریس و عەلى دۆڵەمەڕى، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، کە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شارەوانيی پاریس ئەنجام دا بۆ دەستنیشانکردنی شوێنێک. هەروەها نابێت ڕۆلی سەرۆکی شارەداريی ناوچەی پاریسی پازده‌، فیلیپ گوژون لەبیر بکرێت، کە هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێدانی شوێنێک لەناو پارکی بەناوبانگی ئاندرێ سیتروئێن و دەنگدان بە پرۆژەکە.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە