Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم پێشوازی لە هەردوو کونسوڵی گشتی نوێی و پێشووى ئەمریکا لە هەرێم کرد

ڕۆژی یەکشەممە،١٠ی ئابی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا و خاتوو وێندی گریین کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەفین دزەیی، سوپاس و پێزانینی خۆی، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بۆ ستیڤ بیتنەر، دەربڕی، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا هەبووە؛هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
هاوکات پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە خاتوو گرین کرد و هیوای سەرکەوتنی لەم ئەرکە تازەیەی بۆ خواست و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ سەرخستنی ئەرک و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشاندا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە بارودۆخ و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەرگرنگی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کردەوە.
هەروەها، باس لە هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر کێڵگە نەوتییەکان کرا، کە لەلایەن چەند گرووپێکەوە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و زیان گەیاندن بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان ئەنجام دران.