بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت "گەورە هۆم ستۆری ئاشڵی" لە هەولێر کرایەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، ستیف ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە میوانان، گرووپی دیوان مەراسیمێکی بۆ کردنەوەی گەورە هۆم ستۆری ئاشڵی، لە هەولێر ئەنجام دا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی، گوتی: "هاوبەشیی زۆر لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی هەیە؛ ئەوەش هانی وەبەرهێنانی دەرەوە دەدات. جێگای خۆشحاڵییە بە سوودوەرگرتن لە یاسای وەبەرهێنان، گەشەپێدان لە بوارەکان هەیە و بەو هیوایەم سەرجەم بوارەکان بگرێتەوە. هاوبەشیی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ دەستی پێکردووە و هەمیشە لە گەشەکردن بووە؛ ئێستاش لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە".
هەروەها گوتی: "سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوولایە. ئێمە لەسەر ئەم سیاسەتە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دۆست، لەپێناو ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیر بەردەوام دەبین".
سەبارەت بە کردنەوەی لقی ئاشڵی لە هەولێر گوتی: "ئەمە نموونەی چیرۆکێکی سەرکەوتووە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆگاکان لەسەر ئاستی جیهان؛ ئەمەش نیشانەی بایەخی کونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریکایە، بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان"
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "حکومەتی هەرێم لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبێت و دەرفەتی کار و وەبەرهێنان، لە پێناو سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا، بۆ هەمووان دەڕەخسێنین".
دواتر باڵیۆز ستیف ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، بە تایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان دووپات کردەوە و گوتی: "هيوادارین هەرێمی کوردستان دەرفەتی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێنێت؛ ئێمە دڵنیاین دەرفەت و بواری زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری بکەن".
هەروەها گوتی: "لەپێناو زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا، لە داهاتوویەکی نزیک شاندێکی بازرگانیی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن".