Skip to the content

بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

لیبیا بووە بە یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕێگای ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆربەی جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی دۆخی سەخت دەبنەوە.

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، بە هەماهەنگیی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، د. ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، بە ئامادەبوونی ٢٥ گەنجی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باسی لە سەرکەوتنی هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردن و ئامادەکاریی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

گەنجەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووان و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمیان کرد؛ کە لەخەمی هاووڵاتیی خۆیان بوون و توانیان دەربازیان بکەن.

سەفین دزەیی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا، کە تەواوی گەنجەکان سەلامەتن و سوپاسی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە تەڕابلوس کرد؛ کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئەم جۆرە پرسانە.

سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەیان سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری پێشکەوتووی فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە، گوتی: "گرفتی سەرەکیی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆرتە، چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆرتەکانیان لێدەستێنن تا نەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە توانیمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە پاسپۆرتی پەڕینەوەیان بۆ دابین بکەین؛ لێرەش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات، ئەوەی ماوەتەوە دابینکردنی تکتی فڕۆکەیە بۆ ئەو ٢٥ گەنجە. دوای تەواو بوونی ڕێکارەکانیش چاوەڕوان دەکرێ بەزووترین کات بگەنەوە هەرێمی کوردستان".