Skip to the content

بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندێکى یۆنامی کرد

سەفین موحسین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن و شاندێکى باڵاى یۆنامی لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەکە باس لە میکانیزمى ڕادەستکردنى ئەرکەکانى یۆنامى لە هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق کرا؛ کە بە گوێرەى بڕیارى کۆمەڵەى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆتاییی ئەمساڵ، کۆتایی بە ئەرکەکەیان دێت.

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە گوتى: "یۆنامى لە کۆتاییی ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکانى دێنێت؛ ئەرکەکانى بریتی بوون لە، ڕاوێژى سیاسى، یاسایی، لۆجیستى، پشتگیریکردن لە پرۆسەى هەڵبژاردن و هۆشیاریی بۆ مافەکانى مرۆڤ؛ بەڵام ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەمێننەوە و کارى خۆیان ئەنجام دەدەن و بەردەوام دەبن لە پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان".

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بەرنامە و کارەکانى یۆنامى لە هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینى بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەربڕی و هیواى خواست پڕۆسەى ڕادەستکردنى ئەرکەکانى یۆنامى بە هەماهەنگیى لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم ئەنجام بدرێ؛ تا بتوانرێ بە هەماهەنگیى لەگەڵ ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان سوود لەو پرۆژە و ئەزموونە زۆرەى یۆنامیی وەربگیرێ، کە لە چەند ساڵى ڕابردوو ئەنجامى داوە.

هەروەها سەفین دزەیی گوتى: "وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارى و هەماهەنگییەکین لەگەڵ ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنى بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان".