Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیيەکانی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ د. یۆکۆ فۆجیمورە، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان (IOM) کۆبووەوە.

دزەیی سوپاسی ڕیکخراوەکەی کرد بۆ پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها چەند پیشنیازێکی بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانیان کرد، کە کۆمەڵگەی خانەخۆیی بگرێتەوە و هاوکاریی دارایی بکرێن، لە ڕێگەی ڕەخساندنی پرۆژەی خول و ڕاهینان و دەرفەتی کار بۆ گەنجان و باسیان لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران کرد لە هەرێمی کوردستان و هەروەها باس لە هۆکارەکانی کۆچی نایاسایی کرا لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەى ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی باسی لە پرۆژەکانی خۆیان کرد لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران و هەروەها بۆ کۆمەڵگەی خانەخۆیی و سوپاسی پشتگیرى و کاراسانییەکانى حکومەتى هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد بۆ سەرخستنى کارەکانیان و ئامادەییی خۆیانی بۆ هاوکاریی زیاتر لە بوارە جیاجیاکان دەربڕی.

هەردوولا جەختیان لە زیادکردنی هۆشیاری بۆ تەواوى چین و توێژەکان بەتایبەت گەنجان کردەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی.