Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانى تورکیا کرد

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە زافەر سراکایا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانى تورکیا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پەرلەمانتاری ئەو پارتە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگە ئامادەبوو، باس لە پەیوەندیی مێژوویى نێوان هەردوولا و ڕەنگدانەوەى لە پەپوەندییە بازرگانى و ئابووریەکانى نێوان هەردوولا کرا.

دواتر تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا بە تایبەتی؛ لەو بارەیەوە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان لەسەر پرسەکان کران و هەردوولا لەسەر بایەخى زیاتر لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمارى تورکیا کۆک بوون. هاوکات بە گرنگییەوە باس لە هەنگاوەکانى حکومەتى تورکیا بۆ پێکەوەژیانى ئاشتییانەى نێوان تەواوى نەتەوە و پێکهاتەکان کرا.

بەرپرسی فەرمانگە کورتەیەکی لەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا خستەڕوو و باسى لە دوایین سەردانى شاندی هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا و گرنگیى کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە کرد. هاوکات سەردانی شاندی ناوبراوى بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کرد، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەکان.