بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە ڤالێنتین نیکۆلۆڤ، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڤاسیل ڤاسیلێڤ، بەرپرسی نووسینگەی بازرگانی و ئابووریی بولگاریا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی بولگاریا ئاماژەی بەوە دا؛ وڵاتەکەی گرنگی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و خوازیارە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی، پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن.
دزەیی خۆشحاڵی خۆی بە دەستپێشخەری شاندی میوان دەربڕی و پوختەیەکی لەسەر سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێم پەیوەست بە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری، زانستی و کولتووریەکان پێشکەش کرد. ئامادەییی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بۆ سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم.
لە کۆتایی دیدارەکە بارودۆخی هەرێم و ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم و عێراق تاووتوێ کرا.