بە ئامادەبوونی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەڕ بەڕێوە چوو
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم، ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی دەوڵەتی قەتەڕ، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، کە لە لایەن کونسوڵگەری گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەت، پارت و لایەنە سیاسییەکان، دیپلۆماتکار و بازرگان و پیاوانی کار ئامادەبوون، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، بەناوى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى پیرۆزبایى لە گەل و حکومەتى وڵاتى قەتەڕ و کونسوڵی گشتیی قەتەڕ و ستافی کونسوڵگەرى کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
لە دریژەی وتەکانیدا سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوە کرد کە قەتەر نموونەیەکی سەرکەوتنە لە بوارە جیاجیاکاندا، وەک گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاى سەردەم. حوکمڕانى باشى ئەم وڵاتە وایکردووە بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت کە لە هەندێ قۆناغ دووچارى هاتن، هاوکات توانى ڕۆل و کاریگەریی هەبێت بۆ ئاشتى و سەقامگیرى ناوچەکە و جیهان.
هەروەها لە کۆتاییدا گوتی: "زۆر خۆشحاڵین بە پەیوەندیی پتەوى نێوان هەردوولا. یارمەتى و هاوکارییەکانى وڵاتى قەتەر بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و هاوکارى و هەماهەنگییان لەگەڵ دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم، بەرێز دەنرخێنین. هیواى پێشکەوتنى بەردەوام و ئارامى و سەقامگیرى بۆ ئەو وڵاتە دەخوازین".