کارەکانى دروستکردنى پارکى دۆستایەتيى چینى لە شارى هەولێر تەواو کرا و پرۆژەکە ڕادەستى حکومەتى هەرێم کرا
ڕۆژی سێشەممە ٢ى كانوونى يهكهمى ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە بەرپرسانى حکومەت و دیپلۆماتکاران، ڕێوڕەسمى کۆتایىهێنان بە کارەکانى پرۆژەى دروستکردنى پارکى دۆستایەتيى چینى بەڕێوەچوو هاوکات پارکەکە ڕادەستى وەزارەتى شارەوانى و گهشتوگوزارى حكومهتى ههرێمى كوردستان کرا.
سەرەتاى مەراسیمەکە لیو ژینگ یۆنگ، جێگرى کونسولى گشتيى کۆمارى چینى میللى لە هەرێم وتەیەکى پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تیشکى خستە سەر هاوکارى و هەماهەنگیيەکانیان لە ماوەکانى ڕابردوو لەگەڵ دامەزراوە فەرمیيەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە هەمان کات ئامادەیيى خۆیان دەربڕى بۆ ئەوەى لە داهاتوو پرۆژەى ديكه لە لە شار و شارۆچکەکانى ترى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن.
پاشان هەر یەک لە پان ژیانگ، نوێنەرى کۆمپانیا چینیەکان و ژین خین، نوێنەرى ژوورى بازرگانيى چینى وتەى خۆیان پێشکەش کرد، تێیدا جەختیان لە بەردەوامبوونى هاوکارى و هەماهەنگییەکانیان کردەوە لەگەڵ دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هاوکات ئامادەیی خۆیان دەربڕى کە وەک ژوورى بازرگانيى چین و کۆمپانیاكانى ئهو وڵاته کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان بکەن، وا بڕیارە لە داهاتووش لە بوارى وزەى خاوێن و نوێبووەوە و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایى لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنانى تر بکەن.
کۆتایى مەراسیمەکە خاتوو سیهام جەبەلى، ڕاوێژکار لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەوه وتارێکى پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و گوتى دڵخۆشین کە ئەمڕۆ لێرەين بۆ کردنەوەی پارکی دۆستایەتيی چین لە شاری هەولێر.
ئەم باخچەیە لەسەر بنەمای دیزاینی کولتوور و نەریتی چینی دامەزراوە و پرۆژەیەکی دڵگیر و بەرچاوە و زیاتر لە شوێنێکی گشتی خۆی دەنوێنێت و خێزانەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە. لەهەمان کاتدا سیمبولی دۆستایەتی و هاوبەشی و هاوکاری لەنێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆماری گەلی چین پێشان دەدات.
جێگەى باسە بە پشتگیريی کونسوڵگەريی گشتيی چین و بە هاوکاريى وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار/ بەڕێوەبەرایەتيى گشتيى ئەندازەى پارکەکان و پارێزگهی هەولێر و سەرۆکایەتيى شارەوانى هەولێر، ئەم پاڕکە لەسەر رووبەری ١١,٣٠٠ م٢ بونیات نراوەو ئەمڕۆ خرایە خزمەتی هاووڵاتیيان.