Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازى لە باڵیۆزى سلۆڤینیا کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە گۆرازد ڕێنج، باڵیۆزى نانیشتەجێی سلۆڤینیا لە عێراق و شاندى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگە خۆشحاڵى خۆى لە بارەى سەردانى باڵیۆز بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و هیواى خواست کە ئەم سەردانە ببێتە هۆى زیاتر پتەوبوونى پەیوەندیی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى سلۆڤینیا.

لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی سلۆڤینیا، سوپاسی ئەو پێشوازیەى کرد و ئاماژەى بەوەدا کە بۆ یەکەم جارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و سەرسامى خۆى لە بەرامبەر ئەو گەشەسەندنەى لە شارى هەولێر بەدى دەکرێت دەربڕى؛ هاوکات ئامانجى سەردانەکەى خستە ڕوو کە مەبەستیانە پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان. هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە شاندێکى ڕێکخراوى خێرخوازى ITFى سلۆڤینى یاوەریانە کە لە بوارى مرۆیی کار دەکات، بە تایبەت بۆ کاروبارى هەڵگرتنەوەى مین و تەقەمەنى، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەى بە پڕۆژەکانى ڕێکخراوى ناوبراو بۆ ساڵى داهاتوو لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەتى عێراق، دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان باسی لێوەکرا.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، هەردوولا بیروڕایان لە بارەى بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان لە بوارەکانى ئابوورى و خوێندن و سوود وەرگرتن لە ئەزموونى ووڵاتى سلۆڤینیا ئاڵوگۆڕ کرد.