Skip to the content

سەفین موحسین دزەیى پێشوازى لە شاندێکى باڵای وەزارەتى دادى وڵاتی سوید کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکى باڵای وەزارەتى دادى سویدى کرد؛ بە سەرۆکایەتیی خاتوو ئیدا کارنسترۆم جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و بەرپرسی بەشی دۆسیە تاوانکارییەکان و هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتى لە وەزارەتى دادى سوید. هەروەها یۆرگن لیندستدروم سەرۆکى نێردەى دیبلۆماسی لە باڵیۆزخانەى سوید لە بەغدا ئامادەی دیدارەکە بوو.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خۆشحاڵیی خۆى بە هاتنى ئەم شاندە بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و ئاماژەى بەوەدا کە پەیوەندیى نێوان حکومەتى هەرێم و وڵاتى سوید، لە ئاستێکى زۆر باشدایە و هیوادارە ئەم جۆرە سەردانانە ببێتە هۆى زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەت لە بابەتى هاوکاریی دادوەریی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان.

سەفین دزەیی، لە درێژەى گوتەکانیدا تیشکى خستە سەر بوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمەڵگەى کوردى لە وڵاتى سوید و ئاماژەى بەوەدا کە ڕەوەندی کوردستانی لە سوید توانیویانە ڕۆڵى بەرچاو ببینن لە سوید و جێگاى شانازین بۆ هەرێمی کوردستان؛ کە چەندین نموونە هەیە لە ناو حکومەت و پەرلەمانى سوید، کە کۆچبەرى کورد بوونە و توانیویانە خزمەت بکەن لەناو حکومەت و کۆمەڵگەى سویدى.

لەلایەن خۆیەوە خاتوو ئیدا کارنسترۆم، خۆشحاڵیى خۆى بە سەردانیکردنیان بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و ئاماژەى بەوەدا کە بۆ یەکەم جارە شاندێکى باڵاى لەم شێوەیە لە وەزارەتى دادى سویدى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات و ڕایگەیاند، لە سەردانەکەیان بڕیارە چەندین کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ هەروەها مەبەستى سەردانەکەیانی ڕوون کردەوە، کە دەیانەوێت لە بابەتى پرسەکانى تایبەت بە دادوەرى و کۆچ، هەماهەنگیی زیاتریان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەبێت.

هەر لە درێژەى کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسی کۆچبەران بە ڕێگەى نایاسایی و هەوڵەکانى هەردوولا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەم پرسە کرا؛ بۆ ئەوەى چیتر گەنجانى هەرێمى کوردستان نەبنە قوربانى و ژیانیان نەکەوێتە مەترسى، بەدەست ئەو گرووپ و تۆڕانەى کە بازرگانى بە مرۆڤەوە دەکەن.

بابەتێکى دیکەى کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لە بارەى پتەوکردنى پەیوەندیی دوولایەنە، لە بوارەکانى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان؛ بۆ ئەم مەبەستەش یۆرگن لیندستدروم سەرۆکى نێردەى دیبلۆماسی لە باڵیۆزخانەى بەغدا، دووپاتیکردەوە کە حکومەتەکەى بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پرسی پتەوکردنى پەیوەندیى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتى سوید.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داواى کرد، کە ئەم جۆرە شاندانە لە هەرێمى کوردستانیش سەردانى وڵاتى سوید بکەن، بۆ ئەوەى هەماهەنگیى زیاتر هەبێت لە بوارەکانى دادوەری.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، هەردوولا بیروڕایان لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد.