Skip to the content

سەنتەری "دەستپێشخەری شارستانیی جیهانی" لە شاری هەولێر کرایەوە

سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیی جیهانی، وەک یەکەمین سەنتەری توێژینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تایبەتە بە دەستپێشخەری شارستانییەتی جیهانی (GCI)، لەلایەن سەرۆکی کۆماری میللی چین پێشنیار کراوە. ئەم سەنتەرە وەک پلاتفۆرمێک خزمەت دەکات بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان شارستانییەکان، هاندانی فێربوونی هاوبەش و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی کولتووری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا؛ بە ڕێنمایی بنەما سەرەکییەکانی (GCI) - (ڕێزگرتن لە فرەچەشنی شارستانییەکان، فێربوونی هاوبەش، بەها مرۆییە هاوبەشەکان، میرات و نوێخوازی لە نەریتە کولتووریەکاندا). سەنتەرەکە هەوڵدەدات پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پەیوەندیی نزیکتر لە نێوان گەلاندا پەرەپێبدات.

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە میانەی کردنەوەی ئەم سەنتەرە لە شاری هەولێر، وتارێکی بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەش کرد و تیایدا دەست خۆشی و پیرۆزبایی ئاڕاستەی حکومەتی چین و کاوە محەممەد خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو سەنتەرە کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هیوای بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا خواست، بەتایبەتی لەڕووی کارە

لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێم، وەک کەرتی وزەی خاوێن و گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و گرنگە هەموو لایەک هاوکاربن.

لە کۆتاییدا سەفین دزەیی، بە بایەخەوە ڕۆڵی وڵاتی چینی بەرزنرخاند، کە لەماوەی ڕابردووا دەرفەتی بۆ ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی حکومەت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕێکخستووە و سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە چەندین خولی ڕاهێنانی جیاواز. هەروەها هیوای خواست بۆ ئەمساڵ و داهاتووش ئەو ئاڵوگۆر و پەیوەندییانە بەردەوام بن و کردنەوەی ئەو سەنتەرەش ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان.