Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێم کرد

ڕۆژی دووشەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، پێشوازی لە ڕادو بوتوم، بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد.
دزەیی پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست، هاوکات ئامادەییی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی، لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان نیشان دا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی گشتیی ناوچەکە و عێراق و پێشهاتە سیاسییەکان کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی باشتر و نزیکتر لە بوارە جیاجیاکاندا.
بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە و هیوای خواست پەیوەندییەکان ببەنە قۆناغی پێشکەوتووتر، هاوکات هیوای خواست تەواوی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.