Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی سندوقی گەشەپێدانی قەتەری کرد

لەمیانی سەردانەکەی بۆ وڵاتی قەتەر، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی سندوقی گەشەپێدانی قەتەری کرد و لەلایەن نوف ئەلکەعبی، بەڕێوەبەری کارگێڕی و پرۆگرام و پرۆژەکانی سندوقی گەشەپێدانی قەتەر پێشوازی لێ کرا.
ناوبراو تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ئەو پرۆژە و کەرتانە پێشکەش کرد کە کاری لەسەر دەکەن وەک تەندروستی، پەروەردە و گۆڕانی کەشوهەوا.
هەروەها گوتی؛ هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی دەوڵەتی قەتەرە، بەهۆی تایبەتمەندییەکانیەوە و سندوقی گەشەپێدانی قەتەر ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
دزەیی ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەری کرد و گوتی قەتەر خواستی ڕوون و ئاشکرای هەیە بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا. ئێمە ئەم دەسپێشخەریانە بەرز دەنرخێنین.