Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی هەولێری ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کۆبووەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ گابرێل ساوگرۆن، بەرپرسی نوێى ئۆفیسی هەولێری ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) کۆبووەوە بۆ تاووتوێکردنی بەهێزکردنی هاوکارییەکان، لەسەر پرسە مرۆییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
دزەیى پیرۆزباییی دەستبەکاربوونى لەو بەرپرسە کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
لاى خۆیەوە گابرێل ساوگرۆن سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دەزگەکانى دیکەی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ پشتگیریی، هەماهەنگى و هاوکارییە بەردەوامەکانیان، بە مەبەستى ئاسانکارى بۆ کارمەندانى ڕێکخراوەکە لە ڕاییکردنى مامەڵەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
هەر لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر کارە مرۆییە گرنگەکانی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان، لەوانەش هەوڵەکانیان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی ناوخۆ و پەنابەران و خێزانی بێسەروشوێنەکان. هەروەها باس لە بارودۆخ و پێشهاتەکانی سووریا کران، دوای گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە و ناوچەکە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێزانینی قووڵی بۆ ڕۆڵی ڕێکخراوەکە دەربڕی لە پێشکەشکردنی پشتیوانیی مرۆییی بنەڕەتی.