Skip to the content

شاندێکی ئاژانسی کۆیکا و زانکۆی دۆنگ یوی کۆریايى سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥، شاندێکی ئاژانسی هاریکاريی نێودەوڵەتيی کۆریا (کۆیکا)، به‌ سه‌رۆكايه‌تيى کیم سیۆکبێرم، نوێنەری سەرۆکی ئۆفیسی کۆیکای هەولێر، بۆ تاووتوێکردنی جێبەجێکردنی چه‌ند پرۆژەیەک لە بواری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پێداچوونەوە بە بەشدارییەکانی ئاژانسی کۆیکا لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە سەرجه‌م کەرتە جیاوازەکاندا. سەرەڕای ئەوەش، باس لە پرۆژە بەردەوامەکان و هاوکارییەكانى داهاتووی ئاژانسی کۆیکا لە هەرێمی کوردستان کران.
سەرۆکی شاندى كۆيكا تیمێکی شارەزاى بواری پەروەردەى ناساند، كه‌ بريتى بوون له‌ چوار پسپۆڕی ڕەوانەکراوی زانکۆی (دۆنگ یو)ی کۆریايى و ئەرکی هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان پێ سپێردرابوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دزەیی پابەندبوونی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى بە پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکانی کۆیکا دووپات کردەوە. هەروەها دڵنیایی به‌ شاندەکە دا و ئامادەیيی فەرمانگەى بۆ ئاسانکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکا و تیمی پسپۆڕانی کۆریا ده‌ربڕى.
شايانى باسه‌ لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٤)، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئاژانسی کۆیکا، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و کونسولی گشتيی کۆریا واژۆ کرا، سەبارەت بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی نموونەیی لە ناحیەی دارەتووى پارێزگه‌ى هه‌ولێر و سەنتەرێکی ڕاهێنانی مامۆستایان لە هەولێری نوێ و نۆژەنکردنەوەی ١٠ قوتابخانە، کە پێشتر لەلایەن تیپی زەیتوونه‌وه‌ دروست کرابوون. مەبەستيش لە هاتنی ئەم شاندە، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتاییە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژه‌كان.