لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سیمینارێک لهبارهى بایەخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرا

*هۆشيار زێبارى: گرنگە کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم بەخێرایی پێک بێت، هێزی هەرێمی کوردستان لە تەبایی، یەکڕیزی و یەکگوتاریيە.
لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی فەرمانبەران و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢ى شوباتى ٢٠٢٥، ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سیمینارێکی بۆ هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق سازکرد.
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە شارەزایی و ئەزموونی زۆری زێباری لە بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیيەکان كرد.
زێباری پوختەیەکی لەسەر ئەزموونی کارەکانی پێشووی، وەک وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ پێشکەش کرد کە چۆن کاریان لەگەڵ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسیيەکان کردووە، بۆ بنیادنانی پەیوەنديی دیپلۆماسی، لەپێناو سوود و بەرژەوەنديی دوولایەنە.
هەروهها گوتی: سیاسەتی دەرەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیە. تا ناوخۆ بەهێزتر بێت لە ڕووی ئارامی، سەقامگیری، ئابووری، ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئەوەندە سیاسەتی دەرەوەت بەهێزتر دەبێت.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە و پێگەی هەرێمی کوردستان گوتی پێگەی هەرێم بەهێزەو ناوچەکە بە گۆڕانکاری خێرا دەڕوات. بۆیە دەبێت هاوتەریب بایەخی زۆریش بە سیاسەتی دەرەوە بدرێت. لەوانەیە هەندێ پێشهات ڕووبدەن لە ناوچەکە کە پێویستی بە هەڵوەستەکردنە و دەخوازێت و سیاسەت و گوتارێکی یەکگرتووی دروست پەیڕەو بکەین لە هەمبەر پێشهاتەکان. گرنگە کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم بەخێرایی پێک بێت، هێزی هەرێمی کوردستان لە تەبایی، یەکڕیزی و یەکگوتاریيە.
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێش، زێبارى گوتی: ئێمە ڕێز لە دراوسێیەتی دەگرین لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هەردوولا، هەمیشە دەمانەوێت فاکتەری ئاشتی، سەقامگیری و پێکەوەژیان بین لە ناوچەکە.
سەبارەت بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوهراست و ڕەوشی سووريا گوتی، ئەوەی لە ناوچەکە ڕوویدا هیچ وڵاتێک لە دونیا پێشبینيی ئهو گۆڕانکاریيه گەورەی نەدەکرد. بۆ هەموو چاودێرە سیاسیيەکان و تەنانەت خاوەن بڕیارەکانیش خێرا و لەناکاو بوو.
لهبارهى سیاسەتی تازەی ئەمەریکا لە ناوچەکە، زێبارى گوتی: سەرۆک یان هەندێ کەس کاریگەریيان هەیە. بەڵام لە کۆتاییدا پشت بە بۆچوون و زانیاريی دامەزراوەکانیان دەبەستن.
بەڕێزیان شیکردنەوەیەکی لەسەر پێشووەچوونەکانی ناوچەکە، بە تایبەت مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا خستەڕوو، جەختی کردەوە کە سەرکردایەتيی سیاسيی هەرێمی کوردستان، هاوسەنگی ڕاگرتووە و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن. لهبارهى ڕۆژاواى كوردستانيش، هۆشيار زێبارى گوتى: دەبێت کورد لە ڕۆژاوا یەک هەڵوێست بێت. وەک چۆن ئێمە له باشوور لە ٢٠٠٣ بە یەک گوتار و یەک هەڵوێست لە بەغدا بووین و توانیمان زۆر لە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووری وڵات جێ بکەینەوە. ڕاستە کەموکوڕی هەیە لە جێبەجێکردنی هەندێك ماددە و بڕگە. بەڵام گرینگ چەسپاوە.
لە کۆتاییى سيمينارهكهشدا پوختەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێ پێشکەش کرد.