Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتيی ئەورووپا و عێراق تایبەت بە وزە به‌شدار بوو

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاوبەش و هاوکاری نێوان یەکێتيی ئەورووپا و عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ى شوباتى ٢٠٢٥، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتيی ئەورووپا، لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی فیدڕال، بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشی عێراق و یەکێتيی ئەورووپا کرد کە تایبەت بوو بە پرسی وزە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هاوکاريی هەردوولا، پەیوەست بە وزە بە گشتی و پرسی نەوت و گاز بە تایبەتی.
نوێنەری حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر پرسی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی لە ڕابروودا لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بوون، کە بوونه‌ هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو زیانە ئابووریيەی بە هۆیەوە تووشی هەرێمی کوردستان و عێراق بووه‌وه‌. هه‌روه‌ها باسی لە دوایین بڕیاری پەرلەمانی عێراق وەک هەنگاوێکی ئەرێنی کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و هیوای خواست سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.
هەروه‌ها نوێنەری یەکێتيی ئەورووپا پێشوازی لەو بڕیارە نوێیە کرد و وەکوو فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیريی سیاسی لە عێراق باسی لێوە کرد.