Skip to the content

کۆڕبەندی ئابووريی هەرێمی کوردستان - ئیتاڵیا بەڕێوەچوو

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، لە شاری ڕۆماى وڵاتى ئیتاڵیا، بە سەرپەرشتيی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابووريی کوردستان - ئیتاڵیا، بە هەماهەنگی و ئامادەبوونی بێگه‌رد تاڵه‌بانى، وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو و محه‌مه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەچوو.
لەمیانەی کۆڕبەندەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم چەند چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەزیری ژینگە و ئاسایشی وزەی ئیتاڵیا، گیلبێرتۆ پێچیتۆ فراتین، و جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا ئه‌نجام دا.
هەروه‌ها ڕێککەوتنێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیاریيەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ كرا و پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٥٠٠ هەلی کار بڕەخسێنێت.
سه‌فين دزه‌يى ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە و هیوادارین ئەوە خاڵی دەستپێک بێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ سەرمایەدارانى ئیتاڵیا زیاتر پەرە پێ بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە بازرگانییەوە بۆ سەرمایەداری زیاتر بکەین و پەرە بە گەشەپێدانی لایەنە بەرفراوانەکانی دیکە بده‌ين.
دزەیی گوتیشی: عێراق، بازاڕێکی بەرفراوانە بۆ وەبەرهێنان و پێمان وایە ئیتاڵیا لەو بازاڕە شوێنپێی خۆی هەبێت. بەڵام بەهۆی ڕژێمەکانی ڕابردوو لە ساڵانی هه‌شتاوه‌، عێراق ڕووبەڕووی وێرانکاری و تووشی داڕمانی ئابووری بووەتەوە.