بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی سەرۆکی یەکێتيی جیهانيی زانایانی موسڵمان کرد

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ وڵاتى قەتەر، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ى شوباتى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و شاندی یاوەری سەردانی د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتيی جیهانيی زانایانی موسڵمان لە دەوحە کرد.
دكتۆر عەلی قەرەداغی بەخێرهاتنی بەرپرسی فەرمانگە و شاندی یاوەری کرد، هەروەها ستایشی گرنگيی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی "لە ئازادیی ئایینیەوە بۆ بەرپرسیارێتی ئایینی"، کە لەژێر چاودێريی سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەر بەڕێوەچوو. ناوبراو گوتی: ئەم سەردانە دیدگه و بۆچوونەکان بەهێزتر دەکات و نزیکتریان دەکاتەوە.
دزەیی سوپاسی سەرۆکی یەکێتيی جیهانيی زانایانی موسڵمانى کرد بۆ پێشوازيی گەرم و ستایشی بەشداربوونيانى کرد لە چالاکییەکانی کۆنفرانس و ڕۆڵی ئایینەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.