Skip to the content

بەرپرسى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەگەڵ سەرۆکى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان کۆبووەوە

بە ئامانجى تاووتوێکردنى چەند پرسێکى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤ و هاوکارى و هەماهەنگى نێوان دامەزراوەکان، ڕۆژى چوارشەممە ٢٩ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، بە یاوەرى شاندێک سەردانى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤى لە هەرێمى کوردستان کرد و لەلایەن مونا یاقۆ، سەرۆکی ده‌سته‌وه‌ پێشوازى لێ کرا.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکە سه‌فين دزه‌يى گوتى: هەر دامەزراوەیەک بایەخ بە مافەکانى مرۆڤ بدات، ئێمە پشتگیرى لە سەرخستنى ئەرکەکانى دەکەین و ئەوەى ئێوەش کارێکى پیرۆزە کە بێلایەنانە چاودێريى سەرجەم ئەو پرس و بابەتانە دەکەن کە پەیوەستە بە پێشێلکارى، یاخود داکۆکيکردن لە مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان.
دزەیی گوتى حکومەتى هەرێم بە شانازیيەوە لە کۆڕبەند و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان باس لە ئازاديى ڕادەربڕین و ئازادى ترادسیۆنە ئایینييەکان لە نێوان هەموو ئایین و ئایينزاکان ده‌كات. لە کاتى هاتنى ئاوارە و پەنابەرانیش، هەرێمى کوردستان دەرگه‌كانى كرده‌وه‌ بەبێ جیاوازى، بە گوێرەى تواناى بەردەست یارمەتى پێشکەش بە هەموو لایەک کرد.
سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان له‌باره‌ى ڕەوشى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق دەنووسرێن، دزەیی گوتى: ئێمە بە سنگێکى فراوانه‌وه‌ پێشوازى لە هەر سەرنج و ڕەخنەیەک دەکەین و هەمیشە هەوڵمان داوە کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتيى لەم بوارە هاوکارمان بێت.
دواتر سەرۆکی دەستەى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ، سوپاسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ سەرخستنى کارەکانیان و ئاسانکاریيان بۆ کردوون بۆ بەشداريکردن لە کۆبوونەوەكانى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤ لە ناوە و دەرەوەى هەرێمى كوردستان. هه‌روه‌ها گوتى پرسى مافى مرۆڤ، پرسێکى نێودەوڵەتیيە و ئێمە وەک دەستە توانیومانە بێلایەنانە ئەرکى خۆمان ڕاپەڕێنین و متمانە و ڕاستگۆیيی خۆمان بپارێزین. ئێمە وەک دەستە داکۆکى لە پرسى مافى مرۆڤ دەکەین، جا لەسەر ئاستى تاک يان گرووپ و توێژێک بێت لە کۆمەڵگه‌.