سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ بەرپرسی ژووری بازرگانيى گرانادا کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ى کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە درێژەی سەردانە فەرمیيەکەیان بۆ وڵاتی ئیسپانیا، دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە سەرۆکایەتيی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و بە یاوەری راوێژکاری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەگەڵ گرێگۆریۆ گارسیا، ئەمینداری گشتيی ژووری بازرگانيی گرانادا و بەرپرسی کۆمپانیا گەشتیاریيەکانی هەرێمی ئەندەلوس و سکرتێری گشتی و بەرپرسی پەیوەندیيە گەشتیاریيەکانی شاری گرانادا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە دارەوان حاجی حامد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئامادەی بوو، باس لە گرنگيی ڕۆڵی ژوورە بازرگانیيەکان کرا، لە بنیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووريی وڵاتان، لە نێویشیاندا سێکتەری گەشتیاری. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی بەرنامەیەکی هاوبەش لە بواری ڕاهێنانی مرۆیی و بهستنى کۆنفرانسێک بۆ کۆمپانیا و خاوەنپرۆژە گەشتیاریيەکان و ئاڵوگۆڕکردنی شاندی هەردوولا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی لێکتێگەیشتن لە نزیکترین کاتدا.