ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی سیمینارێکی لەژێر ناوی "جیۆستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" سازکرد

لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی فەرمانبەران و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سیمینارێکی بۆ هێمن هەورامی، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەژێر ناوی "خوێندنەوەیەک بۆ جیۆستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان" سازکرد.
سامان سۆرانی، ڕاوێژکار بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی و سەرپەرشتیاری ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی، پوختەیەکی لەسەر مێژووی جیۆستراتیژ و جیۆپۆڵەتیک و ڕەهەندە فەلسەفی، مێژوویی و سیاسییەکانیان پێشکەش کرد.
دواتر هێمن هەورامی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پشتبەست بە داتا و زانیاریی دروست، باسی لە جوگرافیای سیاسی و جیۆستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، لەگەڵ کاریگەریی ململانێی زلهێزەکان و جەمسەرەکان لەسەر ڕەوشی ناوچەکە و زیادبوونی قەیرانەکان. هەروەها تیشکی خستە سەر میتۆد و تیۆر و چەمکە بنچینەییەکان، لەگەڵ بەراوردێک بە دۆخی جیۆستراتیژیی ئێستای جیهان.
ململانێی زیاتری زلهێزەکان و دروستبوونی جەمسەری زیاتر و زیادبوونی هێزی چەکداری نادەوڵەتی لە هەندێک وڵات و ئاراستەیەکی ناڕوونی سیاسی و ئابووری، تەوەری دیکەی سیمینارەکە بوون.