بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە: دیدگه و سیاسەتى حکومەتى هەرێم بریتیيە لە پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ وڵاتان

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە سومین باگچى، باڵیۆزى تازەى کۆماری هیند لە عێراق و شاندى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە مادان گوپال، کونسولى گشتيى هیند لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو. بەرپرسی فەرمانگەى پهيوهندييهكانى دهرهوه پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونى لە باڵیۆز کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەى بۆ خواست و هەموو پاڵپشتى و پشتگیریيەکى بۆ ناوبراو دووپات کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزى هيند خۆشحاڵيى خۆى به سەردانکردنى بۆ هەرێمى کوردستان دهربڕى و ئاماژەى بەوە دا کە وڵاتەکەى خوازیارى پهرهپێدانى پەیوەنديیهكانه لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تایبەت لە بوارەکانى بارزگانى، ئەکادیمى و کەرتى تەندروستى.
بەرپرسی فەرمانگە ڕایگەیاند دیدگه و سیاسەتى حکومەتى هەرێم بریتیيە لە پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ وڵاتان و ئاماژەى بە گرنگى و ڕۆڵى وڵاتى هیند کرد
ئاڵوگۆڕى شاندى بازرگانى و ئەکادیمى و تەرخانکردنى خولەکانى پەرەپێدانى تواناکان بۆ فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمى كوردستان، تەوەریکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.