بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازى له جێگری باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كرد
ڕۆژی پێنجشەممەی ٩ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، لەگەڵ خاتوو کیارا فرانچینی، جێگری باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسولی گشتيی ئهو وڵاته لە هەرێمى كوردستان، کۆبووەوە.
هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دۆخی سیاسی و پەرەسەندنەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە. جەختیان لە بایەخ و گرنگیی ههماهەنگیی زیاتر و بەهێزکردنی پەیوەنديی ئابووری و بازرگانيی دوولایەنە لە بەرژەوەنديی هەردوو گەلی دۆست کردەوە.
دزەیی پوختەیەکی لەسەر تێڕوانینی حکومەتی هەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی خستەڕوو. ویستی هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە، دووپات کردەوە.
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.