Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ ستافی ناوخۆییی کونسولگەری و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم کۆبووەوە

بە مەبەستی هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، لەگەڵ بەشێکی زۆری ستافی ناوخۆییی کونسولگەری و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هەڵگورد ساڵەیی، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرهاتنی ساڵی تازەی لێ کردن و ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی پوختەیەک لەسەر پێکهاتەی تازەی کارگێڕیی فەرمانگە.

دواتر سەفین موحسین دزەیی لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دونیای دەرەوە و بایەخ و گرینگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد لە ناوچەکە. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لە زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان کردەوە، لەپێناو سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا. لەم بارەیەوە گوتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێم کردووەتەوە و چەندین وڵاتی دیکەش ئەو خواستەیان هەیە.

دزەیی ئامادەییی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ هاوکاری و کاراسانی لە نێوان نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەم بارەیەوە گوتی؛ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خاڵی بەیەکگەیاندنی نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی و دامەزراوەکانی حکومەتە. لەم ڕووەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نێو فەرمانگە ئامادەن هاوکار بن لە هەموو ئەو کاروبارە فەرمییانەی لە هەرێمی کوردستان هەتانە.

پاشان هەر یەک لە زیرەک تەیار، بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆل و عەبدولخالق محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندی، سەبارەت بە میکانیزمی هەماهەنگیی باشتر لەگەڵ کونسولگەرییەکان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو.