ڕێوڕەسمی حەفتا و شەشەمین ساڵەی ڕۆژی نیشتمانيی کۆماری هیند لە هەولێر بەڕێوەچوو

ئێوارەی ڕۆژى دووشەممە ٢٧ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەت و دیپلۆماتکار و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و پیاوانی کار، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانيی کۆماری هیند لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە گوتەیەکدا باڵیۆزى هیند ئاماژەى بەوە دا: جێگهى خۆشحاڵیيە کە ئەمڕۆ ٧٦ــەمین ساڵڕۆژى کۆمارى هیند دەکەینەوە، کە بۆ ئێمە تەنها یادى کۆمار نیە، بەڵکوو زۆر مانابەخشە بۆ وڵاتى هیند و خەڵکەکەى، کە شانازى بەوە دەکات یەکێکە لە گەورەترین وڵاتى دیموکراسی لە ڕووى ژمارەى دانیشتووانەوە.
هەروەها گوتى: ئێمە دەمانەوێت دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پەیوەندى نێوان عێراق و هەرێمى کورستان لەگەڵ وڵاتى هیند بەرەوپێش ببەین، بە تایبەت لەو بوارانەى کە جێگهى بایەخى هەردوو لامانە. ههروهها ئەنجومەنى بازرگانى هیندى - کوردستانى دروست بکەین تا ببێتە هاندەرێک بۆ زیاتر پتەوبوونى پەیوەندیيە بازرگانیيەکانى نێوانمان. ئاماژهى بهوهش دا كه بڕیارە لە مانگى داهاتوو خولێکى تایبەت بۆ ژمارەیەک فەرمانبەرى دامودەزگهکانى حکومەتى هەرێم لە وڵاتى هیند ئهنجام بدرێت. جگە لەوەش لە بوارى کولتوورى، شانازى بەوە دەکەین کە لە دوایین فێستیڤاڵى سینەمایيی دهۆک، وڵاتى هیند بە چەند فیلمێک و گرووپێکى کولتوورى بەشداريى لەو فێستیڤاڵە کرد.
لە کۆتایيی گوتەکەیدا سوپاسی حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد بۆ هاوکارى و هەماهەنگیيان بۆ ڕێکخستنى ئەم یادە و هیواى خواست لە داهاتوودا بتوانین ئاستى پەیوەندیەکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
دواتر سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخێرهاتنى باڵیۆزى هیندستان و میوانانى کرد بۆ یادى 76ــەمین ساڵیادی ڕۆژی نیشتمانيی کۆمارى هیند و بە ناوى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت، پیرۆزبایيی ئەو یادەى لە باڵیۆز و کونسولگەريى گشتيى هیند کرد.
ناوبراو گوتى ئێمە شانازى بە پەیوەندى و هاوڕێیەتيى کۆماری هیند دەکەین کە نموونەى وڵاتێکى گەورەى دیموکراسيی سەرکەوتوون و لە دوایین هەڵبژاردن هەشت سەت ملیۆن کەس بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان کردووە، بۆیە ئێمە دەتوانین زۆر شت لە ئێوە فێر بین.
هەروەها گوتى لە دیدارى ئەمڕۆم لەگەڵ باڵیۆزى هيندستان گفتوگۆمان لەسەر زۆر خاڵ کرد کە جێگهى بایەخى هەردوولا بووە بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندیەکان، بە تایبەت لە بوارەکانى بازرگانى، ئەکادیمى و تەندروستى.