Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هالیفاکس لە کەنەدا کرد

سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە پیتەر ڤان پراگ، دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هالیفاکس، لە کەنەدا کرد.
لە کۆبوونەوەکە باس لەڕەوشی ناوچەکە و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە، بارودۆخی ناوخۆی هەرێم کرا و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاستەنگ و گرفتە هەنووکەییەکان تاووتوێ کران.
هەروەها باس لە کارنامەی کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هالیفاکس لە کەنەدا کرا؛ کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵیش لە مانگی ١١ دەبەسترێت. لەم ڕووەوە چەندین بابەت و پێشهات خرانەڕوو، بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی کۆڕبەندی هالیفاکس سوودی لێ ببینرێ.
جێگەی باسە پیتەر ڤان پراگ، دۆستێکی دێرینی گەلی کوردستانە و ئەزموون و شارەزایی زۆری دەربارەی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە هەیە. ماوەی ٣٠ ساڵە لە بواری سیاسەتی دەرەوە کار دەکات؛ لەو ماوەیەدا ١٠ ساڵ سەرۆکی پەیمانگەی دیموکراتی نیشتیمانی بووە.