ئاهەنگى ڕۆژى نیشتیمانیی فەرەنسا لە هەولێر بەڕێوە چوو

کونسوڵگەری گشتیی کۆمارى فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونى سەرۆک مسعود بارزانى، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەت بە وەکالەت، یان برایم، کونسوڵى گشتیى فەرەنسا، ژمارەیەک لە وەزیر و دیپلۆماتکار و ئەندامانى پەرلەمان و نوێنەرانى حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پیاوانى کارو میوانان، ئاهەنگى ڕۆژى نیشتیمانیی وڵاتەکەى لە هەولێر بەڕێوە برد.
یان برایم کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە وتارێکدا گوتى: "پێکەوە کۆبووینەتەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیمان، ئاهەنگی ئەم ساڵمان لە هەلومەرجێکی تایبەتتردایە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە ماوەیەک پێش ئێستا ناوچەکەی گرتەوە، بۆیە ئاهەنگەکە لەژێر ناوی "ئاشتی و فرەلایەنی دایە". ئاهەنگگێڕانی ئەم ئێوارەیە ئاماژەیەکە بۆ خواستێکی تەواوی ئێمە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئاساییبوون و سەقامگیریی دۆخەکە، هەروەها ئاماژەیەکە کە تاچەند گرنگە عێراق و کوردستان بەدەر و دوور بن لە گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
سەبارەت بە ئاشتى جیهانیش گوتى: "بەر لە ٨٠ ساڵ لەسەر وێرانەکانی جەنگی جیهانیی دووەم، هیوایەک بۆ ئاشتی لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا، بە واژۆکردنی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٥ لەدایک بوو. ئەم خواستی ئاشتییە دەبێت بەردەوام بێت و ببێتە هێزی پاڵنەرمان؛ فەرەنسا کار بۆ ئەمە دەکات لەپێناو گەرەنتیکردنی ئاسایش بۆ هەمووان و ماف بۆ هەر تاکێک. ئەم رۆحە لە ئیلهامبەخشین بە هەوڵەکانمان بەردەوامە، تەنانەت لەم جەنگەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لەنێوان ئیسرائیل و ئێران".
لە بەشێکى دیکەى ووتارەکەدا کونسوڵى گشتیى فەرەنسا ئاماژەى بەوەدا، کە گەلی کورد باشتر لە هەموو کەس لە ڕۆڵی گرنگی نەتەوەیەکگرتووەکان تێدەگات، دوای پەسندکردنی بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. هەروەها گەلی کورد دەزانێت تاچەند دۆستەکانی، لە ڕیزی یەکەمیاندا فەرەنسا، هەڵگری خواستی ئاشتی بوون.
هەروەها پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی باسکرد و گوتى: "لە بواری سیاسیدا، بە ئەنجامدانی دیالۆگێکی متمانەپێکراو لە ئاستی هەرە باڵادا دەربارەی گرژییە هەرێمییەکان، لە ڕێگەی پشتیوانیمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوون، لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی یەکڕیزیی کوردی و بڕوای هاوبەشمان پێکەوە کە دیالۆگ باشترین ڕێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەگەڵ بەغدا. هەروەها سەردانی وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نۆیل بارۆ، بۆ بەغدا و بۆ هەولێر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، ڕەنگدانەوەی بەهێزی ئەم دیالۆگەی نێوانمانە. لە سێکتەرەکانی دیکەشدا کار و چالاکیی زۆرمان هەبووە لە ساڵی ڕابردوودا؛ وەک دەستپێکردنی هاوئاهەنگی لە بواری بەرگریی شارستانیدا، چالاکییە هونەرییەکانی پەیمانگای فەرەنسی و کردنەوەی گۆشەی فەرەنسی لە زانکۆی کوردستان-هەولێر، خولی فێربوونی زمانی فەرەنسی بۆ ١٥ ئەفسەری پێشمەرگە، دەستپێکردنەوەی کنە و پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان. هەروەها پشتیوانیکردنی بەردەوامی خۆمان بۆ هەردوو قوتابخانەی فەرەنسیی دانیێل میتێران لە هەولێر و لە سلێمانی".
کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە ئەستەم بوو بەبێ پشتیوانیی بەرپرسانمان لە پاریس و پشتیوانیی باڵیۆز پاتریک دۆرێل لە بەغدا، ئەم هەموو کار و چالاکییانە بکەین؛ نەشماندەتوانی ئەم کار و چالاکییانە بەبێ بەشداریی کارای هاوبەشە کوردەکانمان، لە دامودەزگاکانی حکومەت، لە ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکانی کوردستان ڕێکبخەین. لێرەوە سڵاو و دەستخۆشییان بۆ دەنێرم بۆ پابەندییان ،بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا گوتى : "دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە خواستێکی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان هەڵدەچنین و بۆ ساڵی نوێش چەندین دەرفەتی دیکە لە ئارادایە، بۆ پتەوکردنی زیاتری ئەم هاوبەشییەی نێوانمان. بە تایبەتیش بیرم لەلای کردنەوەی فەرمی، گۆڕەپانی پێشمەرگەیە لە پاریس".
دواتر ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ووتارى حکومەتى هەرێمى پێشکەش کرد و گوتى: "بەناوی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، شانازی دەکەم ئەم ئێوارەیە لەگەڵ ئێوەدا بەشداریم لە یادی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری فەرەنسا کرد؛ ڕۆژێک کە نەک تەنها یادی ساتێکی مێژوویی فەرەنسا دەکاتەوە بەڵکو نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخان دەکات، لە مێژووی جیهان بەرەو ئازادی و دیموکراسی و کەرامەتی مرۆڤ. ڕۆژی باستیل، وەک هەموومان دەزانین، سەرەتای شۆڕشێک بوو، ڕاپەڕینێک کە لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا دەنگی دایەوە، بانگەوازێک بوو بۆ دادپەروەری و ئازادی و پێکەوەیی. ئەمڕۆش ئەم بەهایانە بەردەوامن لە پێناسەکردنی رۆحی گەلی فەرەنسا و پەیوەندییان لەگەڵ جیهاندا. بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان، فەرەنسا لەوە زیاترە کە تەنها وڵاتێکی ئەوروپی بێت، دۆستێکی دڵسۆزە، هاوبەشێکی بەنرخ و پشتیوانێکی ڕاستەقینەیە لە کاتی ڕووبەروونەوە و ئالنگارییەکان. پەیوەندی نێوان گەلی کورد و فەرەنسا تازە نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە دەیان ساڵ خەباتی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر و پەیوەندییەکى تۆکمەدا هەیە".
لە بەشێکى دیکەى ووتارەکەدا وەزیری ناوەخۆ گوتی: "کاتێک گەلەکەمان ڕووبەڕووی هەڕەشەی وجودی بووەوە، لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا، لە کاتی کۆڕەوەکەدا، یان لە شەڕی دژی تیرۆردا، فەرەنسا لە تەنیشتمان وەستا؛ دەنگی فەرەنسا لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بوو، ڕێکخراوە مرۆییەکانی فەرەنسا یەکەم کەس بوون بەهانامان هاتن. گەلی فەرەنسا بەڕێزەوە دڵ و ماڵی خۆیان بەڕووی پەنابەرانی کورددا کردەوە. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەڵوێستی سەرکردەکانی وەک سەرۆک فرانسوا میتران و خانمی یەکەم دانیێل میتران، کە لە یەکەم کەسەکان بوون کە دانیان بە ئازارەکانی گەلی کورددا نا، بە تایبەتی لە دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١، کاتێک کورد ئاوارە بوو. هەروەها فەرەنسا سەرکردایەتی بانگەوازی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارامی کرد بەپێی بڕیارى ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن، کە سەردانی هەرێمى کوردستانى کرد، پابەندبوونی فەرەنسای بە دۆزی ئێمە دووپاتکردەوە. خەڵکی کوردستان فەرەنسا بە دۆستى نزیکى خۆیان دەزانن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی فەرەنسا چى پێشکەشی هەرێمى کوردستان کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەى ڕووناکییەکە بۆ مافی مرۆڤ و کولتوور وشارستانییەت".
لە کۆتاییدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە وەکالەت گوتى: "لە کاتێکدا ئێمە ئەم ڕۆژە تایبەتە لەگەڵ ئێوەدا ئاهەنگ دەگێڕین، بیر لە خۆڕاگریی نەتەوەی فەرەنسی و ئەو بەهایانە دەکەینەوە کە بەرزی دەکاتەوە. مێژووی ئێوە ئیلهام بەخشە نەک تەنها بۆ هاووڵاتییانی خۆتان، بەڵکو گەلانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی وەک کورد بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دادپەروەری و ئاشتی. سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ کۆماری فەرەنسا دەردەبڕین بۆ پشتیوانی و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان. خۆشحاڵین کە بەردەوامین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان. بە ناوى گەل و حکومەتى هەرێم لەم ڕۆژە نیشتمانییە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەل و حکومەتی فەرەنسا و کونسوڵی گشتی و تیمەکەی دەکەم".