Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە وەکالەت پێشوازى لە كونسوڵی گشتیی قەتەڕ لە هەرێم کرد

حوسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسوڵی گشتیی قەتەڕ لە هەرێم، بە بۆنەى کۆتاییی هاتنى ئەرکە دیپلۆماتییەکەى لە هەرێمى کوردستان، سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە وەکالەت پێشوازى لێکرا.
ڕێبەر ئەحمەد، سوپاسى کونسوڵى گشتیى قەتەرى کرد؛ کە لە ماوەى بەجێگەیاندنى ئەرکەکەى لە هەرێمى کوردستان ڕۆلى بەرچاوى هەبووە، لە پێشخستنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا، لەسەر ئاستى سەردانى بەرپرسانى باڵا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کەرتەکانى ئابوورى و بازرگانى و کشتوکاڵ. هاوکات هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى داهاتووى بۆ خواست.
هەروەها گوتى: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قەتەڕ و وڵاتانى کەنداو لە ئاستێکى باشدایە و چەندین یاداشتى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژوو کراون. وەک حکومەتى هەرێم کار بۆ زیاتر پێشخستنى پەیوەندییەکان دەکەین، لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى". هاوکات سوپاسى گەل و حکومەتى قەتەڕ و سەرجەم وڵاتانى کەنداوى کرد؛ کە لە قۆناغە سەخت و دژوارەکان هاوکاریى هەرێمى کوردستانیان کردووە.
دواتر حوسێن بن عەلی ئەلفەزالە، کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی؛ کە هەمیشە هاوکار بوونە بۆ سەرخستنى ئەرک و بەرنامەکانیان لەپێناو زیاتر پێشخستنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا. خواستی دەوڵەتی قەتەڕیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە. هەروەها ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد؛ بە تایبەتی پرۆژەی ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا. هیواى خواست هەرێمى کوردستان پێشکەوتنى زیاتر لە هەردوو بوارى گەشتوگوزار و کشتوکاڵ بەخۆیەوە ببینێ.