Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازی لە کونسوڵى گشتى شانشینی ئەردەن لە هەرێم کرد

فوئاد خازر ئەلمەجالی، كونسوڵى گشتيى شانشینی ئەردەن، بەبۆنەى کۆتاییی هاتنى ئەرکەکەى، سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستانی کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لێکرا.
كونسوڵى گشتيى ئەردەن، گوتى: "ئەمڕۆ هاتووم سوپاستان بکەم، کە لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوو بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ستافى فەرمانگە بەوپەڕی تواناوە هاوکارم بوون، لە سەرخستنی بەرنامە و پلانمان لەپێناو زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا".
هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی هەرێم؛ کە بەردەوام لەپەیوەندیدابوونە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ئەردەن هەبووە.
سەفین دزەیی، سوپاسى کونسوڵى گشتى شانشینی ئەردەنی کرد؛ کە لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوو ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە، لە پێشخستنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا لەسەر ئاستى سەردانى بەرپرسانى باڵا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بوارە جیاوازەکان. هاوکات هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى داهاتووى بۆ خواست.
هەروەها گوتى: "پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵا و گەل و حکومەتی ئەردەن لە ئاستێکى باشدایە. وەک حکومەتى هەرێم کار بۆ زیاتر پێشخستنى پەیوەندییەکان دەکەین، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى".