نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا سەردانی کۆمسیۆنی ئەوروپای کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، د.دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە شاری برۆکسێل لەگەڵ ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم بە وردی دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی خستەڕوو و بۆچوون و سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی شیکردووە.
تیشکی خستەسەر گرفتەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وەک کێشەی مووچە و بودجە و دوایین ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پابەندی حکومەتی هەرێم بە ڕێکەوتنەکە.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکە، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، باسی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان کرد. هەروەها داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا کرد، کە هاوکار بێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان و دانانی سنوورێک بۆ گرووپەکان بەمەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە.