Skip to the content

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: هەر هاووڵاتییەک لە تورکیا گیری خواردبێت ڤیزای ترانزێتی بۆ گەڕانەوە پێ دەدرێت

لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ گیریان خواردووە، دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی وڵاتی تورکیا لە پەیوەندیی بەردەوام بووین بۆ ئەوەی بە ڕێگەی وشکایی، ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە.
لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی ٣٠٠ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت و ئەمڕۆ ٥٠ کەس بە هەماهەنگی و هاوکاریی سەرپەرشتیار و بەرپرسانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل- خابوور دەربازی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان دابین کرابوو.
بە سوپاسەوە لە ڕێگەی کونسولگەریی گشتیی تورکیا لە شاری هەولێر ئاگەدار کراینەوە کە هەر هاووڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ ڕۆژەیان پێ دەدرێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم