Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت

لە ئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عێراق داخرا و گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیران. ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبۆڵ دروست کرد، کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
هاوکات ژمارەیەک لە حاجییان، کە سەفەری ماڵی خوایان کردبوو، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەی عەممانی پایتەختی وڵاتی ئوردن گیریان خواردووە.
حکومەتی هەرێم لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی، لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان تێیدا گیریان خواردووە، لە پەیوەندیدایە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان، تا بتوانین بەزووترین کات هاووڵاتییانمان بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت بە هانای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بچێت، لە کاتی بوونی هەر کێشە و گرفتێک. وەک چۆن لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنا و لەکاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکیدا بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانمان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان