Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێم له‌ برۆكسێل بەشداری لە کۆبوونەوەی ئایيندە و ئاوەدانکردنەوەی سووریا کرد

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٨ى ئادارى ٢٠٢٥، لەسەر بانگهێشتی فەرميی کۆمسیۆنی ئەورووپا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، بە نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسێل، بەشداری لە کۆنفراسێکی تایبەت بە ئايیندە و بونیاتنانەوەی سووریا کرد.
ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتی و سیاسەتی هاوسەنگ و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هۆکاری بانگهێشتکردنی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیيە.
کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەريی یەکێتيی ئەورووپا و بەشداريی وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتیيه‌، وڵاتانی دراوسێی سووریا، بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، تێيدا نەخشەڕێگه‌ی بنیاتنانەوەی سووریا لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتیيه‌وه‌ تاووتوێ کرا و لایەنە بەشداربووەکان بۆچوونی خۆیان بۆ ئایيندەی ئه‌و وڵاته‌ خستەڕوو.